Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم پوختەی مێژوو 33

پاشایەتی مەنەشە

مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی ڕووخاندنی، هەروەها چەند قوربانگایەکی بۆ بەعلەکان دانا و ستوونە ئەشێراکانی دروستکرد و کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست. چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان لەبارەیەوە فەرمووبووی: «بۆ هەتاهەتایە ناوم لە ئۆرشەلیمدا دەبێت.» لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا. ئەوە بوو لە دۆڵی بەن‌هینۆم کوڕەکانی خۆی بەناو ئاگردا تێپەڕاند، بەخت خوێندنەوە و فاڵگرتنەوە و جادووگەری کرد، نێوانگر1 و ڕۆح ئامادەکاری2 بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.

هەروەها ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە دروستی کردبوو، بردی و لەناو پەرستگای خودا داینا کە خودا لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم. جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون لە ڕێگەی موساوە لە هەموو فێرکردن و فەرز و حوکمەکان.» بەڵام مەنەشە یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی گومڕا کرد، هەتا لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.

یەزدان لەگەڵ مەنەشە و گەلەکەیدا دوا، بەڵام گوێیان نەگرت. ئیتر یەزدان سەرکردەکانی هێزەکانی پاشای ئاشوری هێنایە سەریان، ئەوانیش مەنەشەیان بە دیل گرت و لووتەوانەیان کردە لووتی و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیان بۆ بابل. لە تەنگانەدا لە یەزدانی پەروەردگاری خۆی پاڕایەوە و لەبەردەم خودای باوباپیرانیدا خۆی زۆر نزم کردەوە. نوێژی کرد، خوداش وەڵامی دایەوە و گوێی لە پاڕانەوەکەی گرت، گەڕاندییەوە ئۆرشەلیم بۆ سەر تەختی پاشایەتییەکەی خۆی. ئەو کاتە مەنەشە زانی کە یەزدان خودایە.

پاشان ئەو شوورایەی بنیاد نایەوە کە لە دەرەوەی شاری داود بوو بەلای ڕۆژئاوای کانی گیحۆن لە دۆڵەکە هەتا دەگاتە دەروازەی ماسی، بەدەوری گردی عۆفێل؛ هەروەها زۆر بەرزتری کردەوە. سەرکردەکانی سوپای لە هەموو شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا دانا.

خوداوەندە نامۆکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی ناو پەرستگای یەزدانی لابرد، هەروەها هەموو ئەو قوربانگایانەشی کە لە کێوی پەرستگای یەزدان و ئۆرشەلیمدا بنیادی نابوو؛ هەموو ئەوانەی فڕێدایە دەرەوەی شارەکە. ئینجا قوربانگاکەی یەزدانی نۆژەن کردەوە، قوربانی هاوبەشی و قوربانی سوپاسگوزاری لەسەر سەربڕی و فەرمانی بە خەڵکی یەهودا کرد کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بپەرستن. لەگەڵ ئەمەش گەل هێشتا لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی، بەڵام تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆیان.

ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و نزاکەی لە خودا و قسەکانی ئەو کەسانەی کە بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە پەیامیان پێ ڕادەگەیاند، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل3 تۆمار کران. نوێژەکەی و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی خودا، لەگەڵ هەموو گوناه و ناپاکییەکانی، هەروەها ئەو شوێنانەی کە پێش ئەوەی بێفیز بێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێدا بنیاد نا و ستوونە ئەشێرا و بتەکانی دانا، هەمووی لە تۆمارەکانی ڕاگەیەنەرانی پەیامی خودادا نووسراون. مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا ناشتیان. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئامۆن

ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. قوربانی بۆ هەموو ئەو بتانە سەربڕی کە مەنەشەی باوکی دروستی کردن، ئامۆن هەموو ئەوانی پەرست. ئەو بە پێچەوانەی مەنەشەی باوکیەوە لەبەردەم یەزداندا خۆی نزم نەکردەوە، بەڵکو زیاتر خۆی تاوانبار کرد.

خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی ئامۆن گێڕا و لە کۆشکەکەی خۆی کوشتیان. ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.

Source notes (3)
  1. Footnote نێوانگر: لێرە بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏
  2. Footnote ڕۆح ئامادەکار: بەو کەسە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکات. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏ ‏.‏
  3. Footnote ئیسرائیل: مەبەستی لە یەهودایە، لێرە و لە زۆر شوێنی دیکە لە دووەم پوختەی مێژوو.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.