Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەکەم تیمۆساوس 5

شێوەی هەڵسوکەوتی باوەڕداران

پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە. وەک برا لەگەڵ گەنجان هەڵسوکەوت بکە، وەک دایک لەگەڵ پیرێژن، لەگەڵ کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.

دەربارەی بێوەژنان

ڕێز لەو بێوەژنانە1 بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. بەڵام ئەوەی بە چێژی دنیایی دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. جا ئەمانەیان پێ ڕابسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.

ئەگەر بێوەژنێک تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت، لە لیست بنووسرێت. هەروەها دەبێت بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.

بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک ئارەزووەکانیان زاڵ دەبێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە2. هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی هەندێک شت دەکەن کە پێویست نییە. بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت و ماڵ بەڕێوە ببەن و دەرفەت نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.

ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.

پیرانی کڵێسا

ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن3، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن، چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،﴾4 هەروەها: ﴿کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی.﴾5 سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت. ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتیان بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن. لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە و هیچ شتێک بە دەمارگیرییەوە مەکە.

بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ و بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.

ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت، هەندێک شەراب بخۆوە.

هەندێک کەس گوناهەکانیان ئاشکرایە و پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێکی دیکە دوایان دەکەوێت. بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.

Source notes (5)
  1. Footnote مەبەست لەوانەیە کە مێردیان مردووە.‏
  2. Footnote لەدوای مردنی مێردیان بەڵێن دەدەن کە شوو نەکەنەوە.‏
  3. Footnote مەبەستی ئەوەیە کە یارمەتی دارایی بدرێن.‏
  4. Footnote دواوتار 25‏:4‏ ‏
  5. Footnote لۆقا 10‏:7‏ ‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.