Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یەکەم پەترۆس 5
شوانی مێگەلی خودا
وەک پیرێکی هاوڕێتان، داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ: ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەتیان بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە وەک چۆن خودا دەیەوێت، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە، خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل. کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.
ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان بەرامبەر بە یەکتر بێفیز بن، چونکە:
﴿خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.﴾1
بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.
چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات. بەربەرەکانێی بکەن، لە باوەڕەکە بچەسپێن، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.
خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا2 بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی ڕاستە ڕێتان دەکات و واتان لێ دەکات کە بەهێز و چەسپاو و دەمەزراو بن. هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.
نیعمەتی ڕاستی خودا
بەهۆی سیلا3، کە بە برای دڵسۆزی دەزانم، بە کورتی بۆم نووسین، هانتان دەدەم و شایەتی دەدەم، ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە. تێیدا بچەسپێن. ئەوەی لە بابل4 وەک ئێوە هەڵبژێردراوە، سڵاوتان لێدەکات، هەروەها مەرقۆسی ڕۆڵەم. بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن. ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن5.
Source notes (5)
- Footnote پەندەکان 3:34
- Footnote بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا لە زمانی یۆنانیدا (لە عیسای مەسیحدا) بەکارهاتووە.
- Footnote یۆنانی: سیلوانۆس.
- Footnote بابل: هێمایە بۆ ڕۆما.
- Footnote کە لەگەڵ مەسیح یەکن لە زمانی یۆنانیدا (لە مەسیحدا) بەکارهاتووە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.