Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یەکەم کۆرنسۆس 8
قوربانیی بتەکان
سەبارەت بە قوربانیی بتەکان، دەزانین کە «هەموومان زانیاریمان هەیە.» زانیاری دەبێتە هۆی لووتبەرزی، بەڵام خۆشەویستی بنیاد دەنێت. ئەگەر کەسێک پێی وابوو کە شتێک دەزانێت، ئەوا هێشتا بەو شێوەیە نایزانێت کە دەبێت بیزانێت. بەڵام ئەگەر کەسێک خودای خۆشبوێ، ئەوا لەلای خودا ناسراوە.
جا سەبارەت بە خواردنی قوربانیی بتەکان، دەزانین کە بت1 لە جیهاندا هیچ نییە و تەنها یەک خودا هەیە. ئەگەر هەندێک هەبن پێیان بگوترێت «خودا» لە ئاسمان بێت یان لەسەر زەوی، هەروەک زۆر «خوداوەند» و زۆر «گەورە» هەیە، بەڵام بۆ ئێمە تەنها یەک خودا هەیە، ئەویش ئەو باوکەیە کە هەموو شتێک لەوەوەیە و ئێمەش بۆ ئەو دەژین، هەروەها تەنها یەک گەورەش هەیە، عیسای مەسیحە، هەموو شتێک بەهۆی ئەوەوەیە و ئێمەش بەهۆی ئەوەوە دەژین.
بەڵام هەموو خەڵک ئەمە نازانن، چونکە هەندێکیان هەتا ئێستا خوویان بە بت گرتووە و ئەوەی دەیخۆن وەک بڵێی قوربانی بتە، ویژدانیان گڵاو دەبێت، چونکە لاوازە. بەڵام خواردن لە خودا نزیکمان ناکاتەوە، ئەگەر نەیخۆین کەم ناکەین و ئەگەر خواردیشمان زیاد ناکەین.
بەڵام وریابن سەربەستیتان نەبێتە کۆسپ بۆ لاوازەکان2. ئەی خاوەن زانیاری، ئەگەر یەکێک تۆی بینی لە پەرستگای بت دەخۆیت، ئایا ویژدانەکەی کە لاوازە هاننادرێت تاکو لە قوربانی بتەکان بخوات؟ جا بەهۆی زانیاریتەوە، ئەو خوشک یان برا لاوازەت لەناودەچێت، کە مەسیح لە پێناویدا مرد. ئاواش گوناه لە دژیان دەکەن و ویژدانی لاوازیان بریندار دەکەن، گوناه لە دژی مەسیح دەکەن. لەبەر ئەوە، ئەگەر خۆراک ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشک و براکەم، ئەوا هەرگیز گۆشت ناخۆم تاکو نەبم بە کۆسپ بۆیان.
Source notes (2)
- Footnote هیچ بتێک لە جیهاندا بوونێکی ڕاستەقینەی نییە.
- Footnote بڕوانە 8:7 .
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.