Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەکەم پوختەی مێژوو 27

لەشکرەکان

ئەمە لیستی پلەدارەکانی نەوەی ئیسرائیلە، کە گەورەی بنەماڵەکان و فەرماندەی هەزاران و سەدان بوون، لەگەڵ ئەفسەرەکانیان کە لە هەموو کاروباری لەشکرەکانیان خزمەتی پاشایان دەکرد. ئەمانە بە نۆبە دەهاتنە سەربازی و دەڕۆیشتنەوە، بە درێژایی ساڵ، مانگ بە مانگ، هەر لەشکرێکیش بریتی بوو لە بیست و چوار هەزار پیاو.

یاشۆڤەعامی کوڕی زەبدیێل فەرماندەی لەشکری یەک بوو بۆ مانگی یەک، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، لە نەوەی پێرێز بوو، فەرماندەی هەموو ئەفسەرەکانی لەشکری مانگی یەک1 بوو.

دۆدایی ئەحۆحیش فەرماندەی لەشکری مانگی دوو بوو، لە لەشکرەکەی ئەودا میقلۆت سەرکردە بوو، لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین فەرماندەی لەشکری مانگی سێ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. ئەمە ئەو بەنایایە کە پاڵەوان بوو لەنێو سییەکە و سەرکردەیان بوو، عەمیزاڤادی کوڕیشی فەرماندەی ئەفسەرەکانی ناو لەشکرەکەی بوو.

عەساهێلی برای یۆئاب فەرماندەی لەشکری مانگی چوار بوو، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، پاشان زەڤەدیای کوڕی جێگەی گرتەوە.

شەمهوتی یزراحی فەرماندەی لەشکری مانگی پێنج بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پێکهاتبوو.

عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی فەرماندەی لەشکری مانگی شەش بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

حەلەچی پەلۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی حەوت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

سیبەخەیی حوشاتی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی هەشت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

ئەبیعەزەری عەناتۆتی لە نەوەی بنیامین فەرماندەی لەشکری مانگی نۆ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

مەهەرەیی نەتۆفایی لە خێڵی زەرەحییەکان فەرماندەی لەشکری مانگی دە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

بەنایای پیرعاتۆنی لە نەوەی ئەفرایم فەرماندەی لەشکری مانگی یازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

حەلدەیی نەتۆفایی لە نەوەی عۆسنیێل فەرماندەی لەشکری مانگی دوازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.

سەرۆکی هۆزەکان

ئەمانە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل بوون:

بۆ هۆزی ڕەئوبێنییەکان: ئەلیعەزەری کوڕی زکری؛

بۆ شیمۆنییەکان: شەفەتیای کوڕی مەعکا؛

بۆ لێڤییەکان: حەشەڤیای کوڕی قەموئێل؛

بۆ هارون: سادۆق؛

بۆ یەهودا: ئەلیهو کە یەکێک لە براکانی داود بوو؛

بۆ یەساخار: عۆمری کوڕی میکائیل؛

بۆ زەبولون: یەشمەعیای کوڕی عۆبەدیا؛

بۆ نەفتالی: یەریمۆتی کوڕی عەزریێل؛

بۆ نەوەی ئەفرایم: هۆشێیەعی کوڕی عەزەزیاهو؛

بۆ نیوەی هۆزی مەنەشە: یۆئێلی کوڕی پەدایا؛

بۆ نیوەکەی دیکەی هۆزی مەنەشە لە گلعاد: ییدۆی کوڕی زەکەریا؛

بۆ بنیامین: یەعسیێلی کوڕی ئەبنێر؛

بۆ دان: عەزەرئێلی کوڕی یەرۆحام.

ئەمانە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل بوون.

داودیش ژمارەی ئەوانەی وەرنەگرت کە گەنجی بیست ساڵ و کەمتر بوون، چونکە یەزدان بەڵێنی دابوو کە ئیسرائیل وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر دەکات. یۆئابی کوڕی چەرویاش دەستی بە سەرژمێرییەکە کرد، بەڵام تەواوی نەکرد، چونکە ئەم سەرژمێرییە تووڕەیی خودای هێنایە سەر ئیسرائیل، هەروەها ئاماری سەرژمێرییەکەش لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی داود پاشادا تۆمار نەکرا.

لێپرسراوانی ماڵوموڵکەکانی پاشا

عەزماڤێتی کوڕی عەدیێل لێپرسراوی گەنجینەکانی پاشا بوو.

یۆناتانی کوڕی عوزیا لێپرسراوی ئەو ئەمبارانە بوو کە لە کێڵگە و شارۆچکە و گوند و لەناو قوللەکانی چاودێری بوون.

عەزری کوڕی کەلووڤیش لێپرسراوی وەرزێرەکانی کێڵگە بوو، ئەوانەی زەوییان دەکێڵا.

شیمعی ڕاماتی لێپرسراوی ڕەزەمێوەکان بوو.

زەبدی شیفەمی لێپرسراوی بەروبوومەکانی ڕەز بوو بۆ ئەمبارەکانی شەراب.

بەعل‌حانانی گەدەری لێپرسراوی دار زەیتوون و دار هەنجیرەکانی کە لە زوورگەکانی2 یەهودا بوو.

یۆعاشی بەرپرسیاری ئەمبارەکانی زەیت بوو.

شیترەیی شارۆنی لێپرسراوی ئەو مانگایانە بوو کە لە دەشتاییەکانی شارۆندا دەلەوەڕان.

شافاتی کوڕی عەدلای لێپرسراوی مانگاکانی ناو دۆڵەکان بوو.

ئۆبیلی ئیسماعیلی لێپرسراوی وشترەکان بوو.

یەحدەیاهوی مێرۆنۆتی لێپرسراوی گوێدرێژەکان بوو.

یازیزی هاجەری لێپرسراوی مەڕەکان بوو.

هەموو ئەمانە لێپرسراوی ماڵوموڵکەکانی داودی پاشا بوون.

یۆناتانی مامی داودیش ڕاوێژکار بوو، پیاوێکی تێگەیشتوو و سەرقەڵەم بوو،

یەحیێلی کوڕی حەکمۆنیش چاودێری کوڕەکانی پاشا بوو.

ئەحیتۆفەل ڕاوێژکاری پاشا بوو.

حوشەی ئەرکیش هاوڕێی پاشا بوو.

لەپاش ئەحیتۆفەلیش یەهۆیاداعی کوڕی بەنایا بوو بە ڕاوێژکار، دوای ئەمیش ئەبیاتار جێگەی گرتەوە.

یۆئابیش سەرکردەی سوپاکەی پاشا بوو.

Source notes (2)
  1. Footnote سەربازەکانی لەشکر بۆ ماوەی یەک مانگ لە ساڵێک لە ئەرکدا بوون و دوای ئەوە دەگەڕانەوە سەر کاری ئاسایی خۆیان.‏
  2. Footnote زوورگ: لە تەپۆڵکە بەرزترە، هەروەک بەرزاییەکانی زوورگەزراو لە کوردستان.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.