Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یەکەم پوختەی مێژوو 23
لێڤییەکان
پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل.
هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو. داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.»
ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری.
گێرشۆنییەکان
لە گێرشۆنییەکان:
لەعدان و شیمعی.
کوڕەکانی لەعدان:
یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون.
کوڕەکانی شیمعی:
شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون.
ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون.
کوڕەکانی شیمعیش:
یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە.
ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون.
یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران.
قەهاتییەکان
کوڕەکانی قەهات:
عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون.
کوڕەکانی عەمرام:
هارون و موسا.
هارون و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز هەڵبژێردران، بۆ قوربانی کردن لەبەردەم یەزدان و داواکردنی بەرەکەت بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە. هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران.
کوڕەکانی موسا
گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون.
نەوەکانی گێرشۆم:
شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
نەوەی ئەلیعەزەریش:
ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو،
بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو.
کوڕەکانی یەسهار:
شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.
کوڕەکانی حەبرۆن:
یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو،
ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو.
کوڕەکانی عوزیێل:
میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو.
مەرارییەکان
کوڕەکانی مەراری:
مەحلی و موشی.
کوڕەکانی مەحلی:
ئەلعازار و قیش.
ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن.
کوڕەکانی موشی:
مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون.
ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد، چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە، ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.» بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران.
لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛ بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی1 فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛ هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛ هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن.
ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
Source notes (1)
- Footnote ناسکە نان: ناوەشکێنە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.