Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یەکەم پوختەی مێژوو 20
گرتنی شاری ڕەبە
لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد. داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک1 زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
جەنگی فەلەستییەکان
پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.
جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئێلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی2 گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.
دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، واتا بیست و چوار پەنجەی هەبوو. ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.
ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.
Source notes (2)
- Footnote تالنتێک: نزیکەی 34 کیلۆگرام.
- Footnote هەرچەندە لە دووەم ساموئێل 21:19 نووسراوە کە ئێلحانان گۆلیاتی خۆی کوشت، بەڵام دەشێت چەند جەنگاوەرێکی فەلەستی هەبێت کە ناویان گۆلیات بوو.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.