Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یەکەم پوختەی مێژوو 18
سەرکەوتنەکانی داود
ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.
هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت. داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت. ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم. هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون، بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە1 و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.
کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە، هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد، هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی: ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێقییەکان.
ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ2 هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود، داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادپەروەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.
یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛
یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛
شەڤشا خامەی نهێنی3 بوو؛
بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان4 بوو؛
کوڕەکانی داودیش دەستەڕاستی پاشا بوون.
Source notes (4)
- Footnote کۆگای ئاو بووە، هەروەها پێی گوتراوە دەریا، بڕوانە دەرچوون 30:17-21.
- Footnote دۆڵی خوێ: دەکەوێتە باشووری دەریای مردوو. بڕوانە زەبوورەکان 60.
- Footnote ڕازپۆش.
- Footnote کریتییەکان و پەلەتییەکان دوو لەشکری ڕاهێنراو بوون لەسەر مەشقی سەربازی.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.