Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەکەم پوختەی مێژوو 10

خۆکوشتنی شاول

فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن. فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت. جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.

شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.»

بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا. کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد. شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.

کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون. ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیان1 برد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان. ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.

کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو، هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.

شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگر2 کرد بۆ ڕێنمایی و داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.

Source notes (2)
  1. Footnote زرێ: بەڕگێکی کانزاییە کە لە کاتی شەڕ دەپۆشرێت.‏
  2. Footnote نێوانگر: لێرەدا بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا. بڕوانە لێڤییەکان 20‏:6‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.