Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
یۆحەنا 1
وشەی خودا
لە سەرەتادا، وشەکە1 هەبوو، وشەکە لەلای خودا بوو، وشەکە خۆی خودا بوو. ئەو لە سەرەتاوە لەلای خودا بوو. هەموو شتێک بەو بەدیهاتووە، بێ ئەو هیچ شتێک بەدی نەهاتووە لەوانەی کە بەدیهاتوون. وشەکە سەرچاوەی ژیان بوو، ژیانەکەش ڕووناکی مرۆڤ بوو، ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە2.
مرۆڤێک هات کە خودا ناردبووی، ناوی یەحیا بوو. ئەو بۆ شایەتی هات، تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات، بۆ ئەوەی هەمووان لە ڕێگەی ئەوەوە باوەڕ بهێنن. ئەو ڕووناکییەکە نەبوو، بەڵکو هات تاکو شایەتی بۆ ڕووناکییەکە بدات.
ئەو ڕووناکییە ڕاستەقینەیەی کە بەسەر هەموو مرۆڤێکدا دەدرەوشێتەوە، دەهاتە جیهان. ئەو لە جیهاندا بوو، جیهانیش بەو بەدیهات، کەچی جیهان نەیناسی. ئەو بۆ لای گەلەکەی هات بەڵام ئەوان پێشوازییان لێ نەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەی پێشوازییان لێکرد، ئەوانەی باوەڕیان بە ناوی هێنا، مافی پێدان ببنە ڕۆڵەی خودا، ئەوانەی نە بە سروشت لەدایک بوون، نە بە خواستی مرۆڤ، نە بە ویستی پیاویش، بەڵکو لە خوداوە لەدایک بوون3.
وشەکەش بوو بە مرۆڤ و لەنێوانماندا نیشتەجێ بوو. شکۆی ئەومان بینی، وەک شکۆی تاقانەیەک لە باوکەوە، پڕ لە نیعمەت4 و ڕاستی.
یەحیا شایەتی بۆ دا و هاواری کرد: «ئەمە ئەوەیە کە گوتم: ئەوەی دوای من دێت پێشم کەوت، چونکە پێش من بووە.» لە گەنجینەی پڕیی ئەوەوە هەموومان نیعمەت لەدوای نیعمەتمان وەرگرتووە، چونکە تەورات لە ڕێگەی موساوە درا، بەڵام نیعمەت و ڕاستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هات. هەرگیز کەس خودای نەبینیوە جگە لە کوڕە تاقانەکەی خودا، ئەوەی لە باوەشی باوکدایە، ئەو خودای دەرخست.
شایەتیدانی یەحیا
ئەمەش شایەتییەکەی یەحیایە، کاتێک ڕابەرانی جولەکەی ئۆرشەلیم کاهین5 و لێڤییان6 ناردە لای پرسیاری لێ بکەن: «تۆ کێیت؟» ئەو دانی پێدا نا و نکۆڵی نەکرد، بەڵکو گوتی: «من مەسیحەکە7 نیم.»
ئینجا لێیان پرسی: «ئەی کێیت؟ ئەلیاسی؟»
گوتی: «نا، ئەو نیم.»
«ئەی تۆ پێغەمبەرەکەی8؟»
گوتی: «نەخێر.»
لە کۆتاییدا پێیان گوت: «باشە تۆ کێیت؟ تاکو وەڵامێک بدەینەوە ئەوانەی کە ئێمەیان ناردووە، دەربارەی خۆت چی دەڵێی؟»
یەحیا بە وشەکانی ئیشایای پێغەمبەر وەڵامی دانەوە و گوتی: «﴿من ئەو کەسەم کە لە چۆڵەوانی هاوار دەکات: ”ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن.“9﴾»
ئەوانەی لەلایەن فەریسییەکانەوە نێردرابوون، لێیان پرسی: «ئەگەر تۆ مەسیحەکە نیت و ئەلیاس نیت و پێغەمبەرەکەش نیت، ئیتر بۆچی خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشیت10؟»
یەحیاش وەڵامی دانەوە: «من خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشم، بەڵام یەکێک لەنێوانتان ڕاوەستاوە کە نایناسن، ئەو لەدوای من دێت، من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.»
ئەمانە لە بێتعەنیا11 ڕوویدا، لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە، لەو شوێنەی یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا.
بەرخی قوربانی خودا
بۆ بەیانی کاتێک یەحیا بینی عیسا بەرەو ڕووی دێت، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات! ئەمە ئەوەیە کە باسم کرد، پیاوێک دوای من دێت کە پێشم کەوتووە، چونکە پێش من بووە. منیش نەمدەناسی، بەڵام هاتووم خەڵکی لە ئاو هەڵبکێشم بۆ ئەوەی ئەو بۆ ئیسرائیل دەربکەوێت.»
ئینجا یەحیا شایەتی دا و گوتی: «بینیم ڕۆحی پیرۆز وەک کۆترێک لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و لەسەری نیشتەوە. من نەمدەناسی، بەڵام ئەوەی منی ناردووە خەڵک لەئاوهەڵکێشم، پێی گوتم: ”ئەوەی دەیبینیت ڕۆحی پیرۆز دێتە خوارەوە و لەسەری دەنیشێتەوە، ئەو لە ڕۆحی پیرۆزتان هەڵدەکێشێت12.“ خۆم بینیم و شایەتیم دا کە ئەمە کوڕی خودایە.»
قوتابییە یەکەمینەکان
بۆ بەیانی دیسان یەحیا لەگەڵ دوو قوتابی خۆی ڕاوەستا بوو. کاتێک عیسای لە کاتی ڕۆیشتندا بینی، گوتی: «ئەوەتا بەرخی خودا!»
کاتێک دوو قوتابییەکە گوێیان لەوە بوو، دوای عیسا کەوتن. عیسا ئاوڕی دایەوە و بینی بەدوایدا دێن، لێی پرسین: «چیتان دەوێت؟»
پێیان گوت: «ڕابی، لەکوێ دەمێنیتەوە؟» ڕابی واتا مامۆستا.
پێی فەرموون: «وەرن، تەماشا بکەن.»
لەبەر ئەوە ئەوانیش ڕۆیشتن و بینییان لەکوێ دەمایەوە، ئەو ڕۆژەش لەگەڵی مانەوە، نزیکەی کاتژمێر چواری13 پاش نیوەڕۆ بوو.
ئەندراوسی برای شیمۆن پەترۆس، یەکێک بوو لەو دووانەی کە گوێیان لە یەحیا بوو و دوای عیسا کەوتن. یەکەم جار ئەندراوس چوو شیمۆنی برای دۆزییەوە و پێی گوت: «مەسیحمان14 دۆزییەوە.» واتا دەستنیشانکراو. ئینجا شیمۆنی هێنایە لای عیسا.
عیساش تەماشای کرد و فەرمووی: «تۆ شیمۆنی کوڕی یۆنای، بەڵام بە کێفاس15 ناو دەبردرێیت.» کێفاس واتا پەترۆس.
بۆ بەیانی عیسا ویستی بچێتە جەلیل، فیلیپۆسی دۆزییەوە، پێی فەرموو: «دوام بکەوە.»
فیلیپۆس خەڵکی بێتسەیدا بوو، شارەکەی ئەندراوس و پەترۆس. فیلیپۆسیش ناتانئیلی دۆزییەوە، پێی گوت: «ئەوەی کە موسا لە تەورات و پێغەمبەرانیش لە پەڕتووکەکانیان لەسەریان نووسیوە دۆزیمانەوە، عیسای کوڕی یوسفی خەڵکی ناسیرەیە.»
ناتانئیل پێی گوت: «ئایا لە ناسیرە شتی چاک هەڵدەکەوێ؟»
فیلیپۆس پێی گوت: «وەرە و ببینە.»
عیسا ناتانئیلی بینی بۆ لای دێت، دەربارەی فەرمووی: «ئەوەیە ئیسرائیلیی ڕەسەن، کە هیچ فێڵێکی تێدا نییە!»
ناتانئیل پێی گوت: «چۆن دەمناسیت؟»
عیسا وەڵامی دایەوە: «پێش ئەوەی فیلیپۆس بانگت بکات، تۆم لەژێر دار هەنجیرەکەدا بینی.»
ناتانئیل وەڵامی دایەوە: «ڕابی، تۆ کوڕی خودایت! پاشای ئیسرائیلیت!»
عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕت هێنا، چونکە پێم گوتیت لەژێر دار هەنجیرەکە تۆم بینی؟ شتی گەورەتر دەبینیت!» ئینجا پێی فەرموو: «ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم، دەبینن ئاسمان کراوەتەوە و فریشتەی خوداش لەسەر کوڕی مرۆڤ16 سەردەکەون و دادەبەزن.17»
Source notes (17)
- Footnote وشەکە: لە زمانی یۆنانی پێی دەگوترێت لۆگۆس کە واتایەکی فراوانی هەیە، زۆرتر بە واتای دانایی خودا یان پەیامی خودا دێت. بڕوانە 1:14 و عیبرانییەکان 11:3 و زەبوورەکان 33:6 و پەیدابوون 1:5 .
- Footnote وشە یۆنانییەکە دوو واتای هەیە: (1) زاڵبوون؛ (2) تێگەیشتن.
- Footnote مەبەستی ئەوەیە کە ڕۆحی خودا کار دەکاتە سەر گیانی مرۆڤ و دەیکاتە بوونەوەرێکی نوێ، واتا دەیکاتە ڕۆڵەی خودا.
- Footnote نیعمەت: بەخششەکانی خودا بەبێ شایستەبوون، بە تایبەتی لێخۆشبوونی گوناه و ژیانی هەتاهەتایی.
- Footnote کاهین: پیاوێکی ئایینی جولەکەیە کە هەڵدەستێ بە ئەرکی قوربانیکردن لەناو پەرستگا و فێرکردنی خەڵک.
- Footnote تیرەیەکی جولەکە بوون، ئەرکی خزمەتکردنی پەرستگایان لە ئەستۆ بوو.
- Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ یان مەشیح. بە زمانی یۆنانی دەبێتە کریستۆس، کە بە واتای (دەستنیشانکراو) لەلای خودا دێت کە ڕزگارکەری گەلەکەیەتی. بڕوانە یەکەم ساموئێل 16.
- Footnote پێغەمبەرەکە: ئەو پێغەمبەرەیە کە موسا باسی دەکات. واتا عیسا. بڕوانە دواوتار 18:15 و یۆحەنا 1:45 .
- Footnote ئیشایا 40:3.
- Footnote یۆنانی: باپتیزۆ، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).
- Footnote ئەم (بێتعەنیا)یە لە ڕۆژهەڵاتی ئوردون بوو، جیاوازە لەوەی نزیکی ئۆرشەلیم.
- Footnote بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه بەهۆی ڕۆحی پیرۆز.
- Footnote یۆنانی: کاتژمێری دەیەم، بە کاتی یۆنانی.
- Footnote یۆنانی: مەسیا.
- Footnote وشەیەکی ئارامییە بە واتای بەرد، لە یۆنانیش پەترۆس.
- Footnote کوڕی مرۆڤ: مەسیح بەم نازناوە خۆی دەناسێنێت. بڕوانە دانیال 7:13-14.
- Footnote بڕوانە پەیدابوون 28:12 .
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.