Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دانیال 9

نزای دانیال

لە ساڵی یەکەمی داریوشی کوڕی ئەحەشوێرۆش1 لە نەوەی مادەکان کە بووە بە فەرمانڕەوای شانشینی بابلییەکان، لە ساڵی یەکەمی پاشایەتییەکەی ئەو، من کە دانیالم لە نووسراوە پیرۆزەکانەوە2 بەپێی فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر تێگەیشتم کە ماوەی کاولبوونی ئۆرشەلیم حەفتا ساڵ دەبێت. منیش ڕووم لە خودای پەروەردگار کرد، بە نوێژ و پاڕانەوەوە داوام دەکرد، بە ڕۆژوو و بە پۆشینی جلوبەرگی گوش3 و بە خۆڵەمێش بەسەرخۆدا کردن.

نزام بۆ یەزدانی پەروەردگارم کرد و دانم پێدا نا:

«ئەی پەروەردگار، خودای مەزن و سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر بۆ ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت و فەرمانەکانت بەجێدەگەیەنن، گوناهمان کرد و تاوانمان کرد، خراپەمان کرد و یاخی بووین، لە فەرمانەکان و یاساکانی تۆ لاماندا. گوێمان لە بەندە پێغەمبەرەکانت نەگرت، ئەوانەی بە ناوی تۆوە قسەیان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هەموو گەلی خاکەکە کرد.

«ئەی پەروەردگار، تۆ ڕاستودروستیت، بەڵام ئەمڕۆ شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، بۆ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، بۆ هەموو ئیسرائیلە، نزیک و دوورەکان لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەرتکردووین، لەبەر ئەو ناپاکییەی لەگەڵ تۆدا کردمان. ئەی یەزدان، شەرمەزاری لەسەر ڕوخساری ئێمەیە، لە پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. خودای پەروەردگارمان بە بەزەیی و بەخشندەیە، هەرچەندە ئێمە لێی یاخی بووین. گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین بۆ ئەوەی بە ڕێگای فێرکردنەکانیدا بڕۆین، کە لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانییەوە پێیداین. هەموو ئیسرائیل سەرپێچی فێرکردنەکانی تۆیان کرد، لایاندا و گوێڕایەڵبوونی تۆیان ڕەتکردەوە.

«لەبەر ئەوە ئەو نەفرەت و سوێندەت بەسەرماندا ڕژاند کە لە تەوراتی موسای بەندەی خودا نووسرابوو، چونکە دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد. ئەو ئاگادارکردنەوانەت هێنایە دی کە لەسەر ئێمە و ئەو دادوەرانەمان فەرمووبووت کە دادوەرییان بۆمان دەکرد، بۆ ئەوەی بەڵایەکی گەورەمان بەسەردا بهێنیت. لەژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینەدابێت، وەک ئەوەی بەسەر ئۆرشەلیم هات. هەروەک ئەوەی لە تەوراتی موسادا نووسرابوو هەموو ئەم بەڵایانە بەسەرماندا هات، بەڵام لە تاوانەکانمان نەگەڕاینەوە و سەرنجمان نەدایە ڕاستییەکەی تۆ، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی یەزدانی پەروەردگارمان بەدەستبهێنین. جا یەزدان مکوڕ بوو کە بەڵاکەمان بەسەربهێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو کارەکانی کە کردی ڕاستودروستە، ئێمەش گوێڕایەڵی نەبووین.

«ئێستاش ئەی خودای پەروەردگارمان، کە بە دەستێکی بەهێزەوە گەلی خۆتت لە خاکی میسرەوە هێنایە دەرەوە، ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئێمە گوناهمان کرد و خراپەمان کرد. ئەی پەروەردگار، بەپێی هەموو ڕاستودروستییەکەت، تکایە تووڕەیی و هەڵچوونەکەت لەسەر شارەکەت، ئۆرشەلیم، دابمرکێنەوە کە کێوی پیرۆزی خۆتە. بەهۆی گوناهەکانمان و تاوانەکانی باوباپیرانمان ئۆرشەلیم و گەلەکەت لەلای هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرمانن ڕیسوا بوون.

«ئێستاش ئەی خودای ئێمە، گوێ لە نزاکانی خزمەتکارەکەت و لە پاڕانەوەکەی بگرە. ئەی پەروەردگار، لە پێناوی خۆت ڕووت بەسەر پیرۆزگا کاولەکەتدا بدرەوشێنەوە. ئەی خودای من، گوێت شل بکە و ببیستە، چاوەکانت بکەرەوە و کەلاوەکانمان و ئەو شارە ببینە کە ناوی تۆی هەڵگرتووە. لەبەر ڕاستودروستی خۆمان نییە کە پاڕانەوەکانمان دەخەینە بەردەمت، بەڵکو لەبەر بەزەییە زۆرەکەتە. ئەی پەروەردگار گوێ بگرە! ئەی پەروەردگار لێخۆشبە! ئەی پەروەردگار گوێ شل بکە و دەستبەکار بە! ئەی خودای من، لەبەر خۆت دوای مەخە، چونکە شارەکەت و گەلەکەت ناوی تۆیان هەڵگرتووە.»

حەفتا هەفتە

لەو کاتەدا من قسەم دەکرد و نزام دەکرد، دانم بە گوناهی خۆم و بە گوناهی ئیسرائیلی گەلەکەمدا دەنا و سەبارەت بە کێوە پیرۆزەکەی پاڕانەوەکەم دەخستە بەردەم یەزدانی پەروەردگارم، هێشتا لە نزاکەمدا بووم، جبرائیل، ئەو پیاوەی کە پێشتر لە بینینێکی دیکەدا بۆم ئاشکرا کرابوو، لە کاتی قوربانی ئێوارە بە خێرایی فڕی و هاتە لام. تێیگەیاندم و پێی گوتم: «ئەی دانیال، من ئێستا هاتم بۆ ئەوەی تێتبگەیەنم و بۆت ڕوون بکەمەوە. هەرکە دەستت بە پاڕانەوە کرد، وەڵامێک دەرچوو، منیش هاتووم پێت بڵێم، چونکە تۆ خۆشەویستی. لەبەر ئەوە لە پەیامەکە ڕابمێنە و لە بینینەکە تێبگە.

«بڕیار دراوە حەفتا ”هەفتە“4 بەسەر گەلەکەت و بەسەر شارە پیرۆزەکەتدا بچێت بۆ کۆتایی پێهێنانی یاخیبوون، نەهێشتنی گوناه، کەفارەتی تاوان، هێنانی ڕاستودروستی هەتاهەتایی، تەواوکردنی بینین و پەیامی پێغەمبەر و هەروەها دەستنیشانکردنی هەرەپیرۆز5.

«جا بزانە و تێبگە کە لە دەرچوونی بڕیارەکە بۆ نوێکردنەوە و بنیادنانەوەی ئۆرشەلیم، هەتا هاتنی پاشای دەستنیشانکراو6، حەوت ”هەفتە“ و شەست و دوو ”هەفتە“ی پێ دەچێت. ئۆرشەلیم بە شەقامەکان و شوورابەندیەوە بنیاد دەنێتەوە، سەرباری ئەوەی کاتەکە تەنگانەیە. پاش شەست و دوو ”هەفتە“ دەستنیشانکراوەکە7 دەکوژرێت و هیچی نابێت. سوپای پاشایەکی دیکە دێت و شارەکە و پیرۆزگاکە وێران دەکات. کۆتاییەکەی وەک لافاوێک دێت و هەتا کۆتایی جەنگ بەردەوام دەبێت، بڕیاری کاولکردنی دراوە. ئەم فەرمانڕەوایە لە یەک ”هەفتە“دا لەگەڵ زۆردا پەیمانی بەهێز دەبەستێت. لە ناوەڕاستی ئەو ”هەفتەیە“دا کۆتایی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکان دەهێنێت، لەسەر لووتکەی پەرستگا قێزەونی وێرانکەر دادەنێت، بۆ ئەوەی سزای حوکمی کۆتایی لەسەر ئەم وێرانکەرەدا بڕژێتەوە.»

Source notes (7)
  1. Footnote لە زمانی یۆنانی: کسەرکسیس.‏
  2. Footnote بڕوانە یەرمیا 25‏:11‏-12.‏
  3. Footnote لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  4. Footnote دەشێت مەبەستی لە هەر هەفتەیەک حەوت ساڵ بێت.‏
  5. Footnote دەقی عیبری مەبەستی لە شوێن یان کەسە.‏
  6. Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏
  7. Footnote بە زمانی عیبری پێی دەگوترێ مەشیخ‏ یان مەشیح‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.