Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
کردار 6
هەڵبژاردنی حەوت خزمەتکار
لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد، جولەکە یۆنانییەکان1 بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان2 کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانە بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن. بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان: «باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین. خوشک و برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین. ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.»
هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە. لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان.
ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو، ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون، ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون.
گرتنی ستیفانۆس
ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.
بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»
ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان و بۆ ئەنجومەنی باڵایان هێنا. شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە3 و تەورات، ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»
جا هەموو ئەوانەی لە ئەنجومەنی باڵا دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.
Source notes (3)
- Footnote ئەو جولەکانەی لە دەرەوەی فەلەستین بە زمانی یۆنانی قسە دەکەن.
- Footnote ئەو جولەکانەی لەناو فەلەستین بە زمانی عیبری قسە دەکەن.
- Footnote پەرستگا
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.