Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم پوختەی مێژوو 4

کەلوپەلەکانی پەرستگا

سلێمان قوربانگایەکی بڕۆنزی دروستکرد کە درێژییەکەی بیست باڵ1 و پانییەکەشی بیست باڵ و بەرزییەکەی دە باڵ2 بوو. حەوزە بڕۆنزییەکەشی3 بە بازنەیی بە قاڵب دروستکرد، لە لێوارەوە هەتا لێوار دە باڵ بوو، پێنج باڵ4 بەرزی، چێوەکەشی گوریسێکی سی باڵ5 بوو. لەژێر لێوارەکەی لە هەر چواردەورەی وێنەی گا نەخشێنرابوو، دە وێنە بۆ هەر باڵێک6، بەدەوری حەوزە بڕۆنزییەکە بە دوو ڕیز، وێنەی گایەکان لەگەڵ حەوزە بڕۆنزییەکە لەقاڵبدرابوون.

حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەر دوازدە گا ڕاوەستابوو، سێیان ڕوویان لە باکوور، سێ ڕوویان لە ڕۆژئاوا، سێ ڕوویان لە باشوور، سێش ڕوویان لە ڕۆژهەڵات بوو، حەوزە بڕۆنزییەکەش لەسەریان دانرابوو، هەمووشیان پاشەڵیان ڕوو لەناوەوە بوو. ئەستووراییەکەی چوار پەنجە بوو، لێوارەکەی وەک لێواری جام دروستکرابوو، لە شێوەی گوڵی سەوسەن. جێی سێ هەزار بەتی7 تێدا دەبووەوە.

هەروەها دە دەستشۆری دروستکرد، پێنجی لەلای باشوور و پێنجیشی لەلای باکوور دانا، بۆ شوشتن لە کاتی ئەنجامدانی قوربانی سووتاندن، بەڵام کاهینەکان ئاوی حەوزە بڕۆنزییەکەیان بۆ شوشتن بەکاردەهێنا.

چرادانی زێڕیش دەی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە دروستکرد و لەناو پەرستگاکە داینان، پێنج لەلای باشوور و پێنج لەلای باکوور.

دە مێزیشی دروستکرد و لە پەرستگاکە داینان، پێنج لەلای باشوور و پێنجیش لەلای باکوور. سەد تاسی زێڕیشی8 دروستکرد.

ئینجا حەوشەی کاهینەکان و ماڵە گەورەکەی دروستکرد لەگەڵ دەرگاکانی ماڵەکە و دەرگاکانیشی بە بڕۆنز ڕووکەش کرد. حەوزە بڕۆنزییەکەشی لە سووچی باشووری ڕۆژهەڵاتی پەرستگاکەوە دانا.

هەروەها حورام مەنجەڵ و خاکەناز و تاسەکانی دروستکرد.

حورام کارەکانی تەواو کرد، ئەوانەی بۆ سلێمان پاشا بۆ پەرستگای خودا کردی:

دوو کۆڵەکەکە؛

دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛

دوو تۆڕەکە بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛

هەروەها چوار سەد هەنارەکە بۆ دوو تۆڕەکە، دوو ڕیز هەنار بۆ هەر تۆڕێک بۆ ڕازاندنەوەی دوو شێوە قاپەکە کە لەسەر دوو کۆڵەکەکە بوون؛

عەرەبانەکان و دەستشۆرەکانی سەر عەرەبانەکان؛

حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گایەکەی ژێری؛

هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز و چەنگاڵەکان، لەگەڵ هەموو قاپوقاچاغەکانیان.

حورام‌ئابی هەموو ئەو کەلوپەلانەی لە بڕۆنزی سافکراو بۆ سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستکرد. پاشا لە دەشتی ڕووباری ئوردون لەنێوان سوکۆت و چەرەتان لە قاڵبی قوڕ دایڕشتن. سلێمانیش هێندە شتومەکی زۆری دروستکرد، کە کێشی بڕۆنزەکەی نەدەزانرا.

هەروەها سلێمان هەموو ئەو کەلوپەلانەی دروستکرد کە لە پەرستگای خودا بوون:

قوربانگا زێڕینەکە و

ئەو مێزانەی کە نانی تەرخانکراوی لەسەر بوو بۆ خودا؛

چرادان و چراکانیان هەتا بەپێی ڕێسا لەبەردەم شوێنی هەرەپیرۆز دابگیرسێن، لە زێڕی بێگەرد؛

هەروەها گوڵ و چرا و مەقاشەکان تەواو زێڕ بوون؛

مەقەست، تاس، چەمچە و بخووردانەکان لە زێڕی بێگەرد؛ هەروەها ئەمانە دەرگا زێڕینەکانی پیرۆزگا بوون: دەرگای ناوەوەی شوێنی هەرەپیرۆز و دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە.

Source notes (8)
  1. Footnote بیست باڵ: نزیکەی نۆ مەتر.‏
  2. Footnote دە باڵ: نزیکەی 4,5 مەتر، لێرە و لە ئایەتی 2.‏
  3. Footnote کۆگای ئاو بووە، هەروەها پێی گوتراوە دەریا، بڕوانە دەرچوون 30‏:17‏-21.‏ ‏
  4. Footnote پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  5. Footnote سی باڵ: نزیکەی 13,5 مەتر.‏
  6. Footnote باڵێک: نزیکەی نیو مەتر.‏
  7. Footnote سێ هەزار بەت: نزیکەی 66 هەزار لیتر.‏
  8. Footnote کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە دەرچوون 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏ ‏.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.