Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دووەم پوختەی مێژوو 3

بنیادنانی پەرستگای سلێمان

ئینجا سلێمان دەستی بە بنیادنانی پەرستگای یەزدان کرد لە ئۆرشەلیم لە کێوی مۆریا، کە لەوێدا یەزدان خۆی بۆ داودی باوکی دەرخستبوو. پەرستگاکە لەسەر جۆخینەکەی ئەرەونای یەبوسی بوو، ئەو شوێنەی کە داود ئامادەی کردبوو. لە دووی مانگی دووەمی ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی دەستی بە بنیادنان کرد.

سلێمان ئەم بناغەیەی لێدا بۆ بنیادنانی پەرستگای خودا، درێژییەکەی بە باڵ بەپێی پێوانە کۆنەکە، شەست باڵ1 و پانییەکەی بیست باڵ2 بوو. هەیوانی بەردەم پیرۆزگاکە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو، بەرزییەکەشی بیست باڵ بوو.

لەناوەوەش بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد. هۆڵە سەرەکییەکەشی بە تەختەی دار سنەوبەر داپۆشی و بە زێڕی بێگەردیش ڕووکەشی کرد و وێنەی دار خورما و زنجیری لەسەر هەڵکۆڵین و پەرستگاکەی بە بەردی گرانبەها ڕازاندەوە بۆ جوانی و زێڕەکەش زێڕی پەرڤایم3 بوو. کاریتە و چوارچێوەی دەرگاکان، دیوارەکان و دەرگاکانی پیرۆزگاکەی بە زێڕ ڕووکەش کرد و وێنەی کەڕوبەکانی4 لەسەر دیوارەکان هەڵکۆڵی.

شوێنی هەرەپیرۆزیشی بنیاد نا کە درێژییەکەی وەک پانی پیرۆزگاکە بیست باڵ بوو و پانییەکەشی بیست باڵ بوو و بە زێڕی بێگەرد ڕووکەشی کرد کە کێشەکەی شەش سەد تالنت5 بوو. کێشی بزمارەکانیش پەنجا شاقل زێڕ6 بوو، بەشەکانی سەرەوەشی بە زێڕ ڕووکەش کرد.

لە شوێنی هەرەپیرۆزدا پەیکەری دوو کەڕوبی تاشی7 و بە زێڕ ڕووکەشی کردن. درێژی باڵەکانی هەردوو کەڕوبەکە بیست باڵ بوو: درێژی باڵی کەڕوبەکەی یەکەم پێنج باڵ8 بوو، بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت، درێژی باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو، بەر باڵی کەڕوبەکەی دووەم دەکەوت؛ بە هەمان شێوە درێژی باڵی کەڕوبەکەی دووەم پێنج باڵ بوو و بەر دیواری پیرۆزگاکە دەکەوت و باڵەکەی دیکەشی پێنج باڵ بوو و بەر باڵی کەڕوبەکەی یەکەم دەکەوت. باڵەکانی ئەم دوو کەڕوبە کرابوونەوە و بیست باڵ درێژ بوون، لەسەر پێیەکانیان ڕاوەستا بوون و ڕووشیان ڕووەو هۆڵی سەرەکی پیرۆزگاکە بوو.

پەردەکەی لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری تۆخ و کەتانی ناسک دروستکرد و وێنەی کەڕوبەکانی لەسەر چنی.

لەبەردەم پپرۆزگاکەدا دوو کۆڵەکەی دروستکرد کە درێژی هەریەکەیان سی و پێنج باڵ9 بوو و ئەو تاجەی کە لەسەر هەر یەکێکیان بوو پێنج باڵ بوو. زنجیری هۆنییەوە و لەسەر سەری دوو کۆڵەکەکە داینان، سەد هەناریشی دروستکرد و بە زنجیرەکانەوە هەڵیواسین. دوو کۆڵەکەشی لەبەردەم پیرۆزگاکە ڕاگرت، یەکێکیان لەلای باشوور و ئەوی دیکەیان لەلای باکوور، کۆڵەکەکەی لای باشووری ناو نا یاکین10 و کۆڵەکەکەی لای باکووریشی ناو نا بۆعەز11.

Source notes (11)
  1. Footnote شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.‏
  2. Footnote بیست باڵ: نزیکەی نۆ مەتر، لێرە و لە ئایەتی 4، 8، 11، 13.‏
  3. Footnote جۆر یان سەرچاوەی زێڕەکەیە (دەشێت باشووری ڕۆژهەڵاتی عەرەبستان بێت).‏
  4. Footnote کەڕوبەکان: بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە. بڕوانە حزقیێل 10‏:5‏ ‏.‏
  5. Footnote شەش سەد تالنت: نزیکەی 21 هەزار کیلۆگرام.‏
  6. Footnote پەنجا شاقل زێڕ: نزیکەی 0,6 کیلۆگرام.‏
  7. Footnote دوو کەڕوبی تاشی: بڕوانە یەکەم پاشایان 6‏:23‏ ‏.‏
  8. Footnote پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر، لێرە و لە ئایەتی 12 و 15.‏
  9. Footnote سی و پێنج باڵ: نزیکەی 16 مەتر.‏
  10. Footnote یاکین: واتا (بنیاد دەنێت).‏
  11. Footnote بۆعەز: واتا (ئەو هێز و توانای تێدایە).‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.