Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر
پەیدابوون 13
جیابوونەوەی ئەبرام و لوت
ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ لوت لە میسرەوە چوونە نەقەب. ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.
قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێتئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێتئێل و عای، بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.
هەروەها لوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. بەڵام خاکەکە لەوەڕگای پێویستی بۆ مەڕوماڵاتی هەردووکیان نەبوو، لەبەر ئەوەی دەستکەوتەکانیان هێندە زۆر ببوو کە نەتوانن پێکەوە بمێننەوە. ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی لوت ڕوویدا. لەو کاتەشدا کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.
ئینجا ئەبرام بە لوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک نەکەوێتە نێوان من و تۆ و نێوان شوانەکانم و شوانەکانتەوە، چونکە ئێمە مام و برازاین1. ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»
لوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. لوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. بەو شێوەیە لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، لوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو و لە نزیک سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار بوون و گوناهیان دژی یەزدان دەکرد.
دوای جیابوونەوەی لوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە خۆت و نەوەکانت. نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش بژمێردرێت. بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»
ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن2 نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.
Source notes (2)
- Footnote برازاین: عیبری: برا یان خزم. بڕوانە 11:31 .
- Footnote بە دووری 32 کم لە باشووری ئۆرشەلیمە، ئێستا بە ناوی (الخلیل) ناسراوە، بە ناوی ئیبراهیمی دۆستی خودا ناسراوە.
Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.
Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.