Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

دانیال 12

ڕۆژانی کۆتایی

«لەو کاتەدا میکائیلی سەرۆکی گەورەی فریشتەکان هەڵدەستێت، ئەوەی گەلەکەت دەپارێزێت. کاتێکی ئەوەندە تەنگ دەبێت کە لەوەتەی نەتەوە دروستبووە هەتا ئەو کاتە شتی وا نەبووبێت. بەڵام لەو کاتەدا هەرکەسێک لە گەلەکەی تۆ ناوی لە پەڕتووکەکە نووسرابێت، دەرباز دەبێت. زۆر لەوانەی لەناو خۆلی زەویدا نوستوون هەڵدەستنەوە، هەندێکیان بۆ ژیانی هەتاهەتایی و هەندێکی دیکەشیان بۆ سەرشۆڕی و سووکایەتی هەتاهەتایی. تێگەیشتووان وەک ڕووناکی ئاسمان دەدرەوشێنەوە، ئەوانەش کە خەڵکێکی زۆریان بۆ ڕاستودروستی گەڕاندووەتەوە بۆ هەتاهەتایە وەک ئەستێرەن.

«تۆش ئەی دانیال، هەتا سەردەمی کۆتایی وشەکان بە نهێنی بهێڵەوە و تۆمارەکە بپێچەوە. خەڵکێکی زۆر لێرە و لەوێ دەگەڕێن بۆ ئەوەی زانیاری زیاتر بەدەستبهێنن.»

ئینجا من کە دانیالم، تەماشام کرد بینیم دوو فریشتەی دیکە ڕاوەستاون، یەکێکیان لەسەر ئەو کەنارەی ڕووبارەکە، ئەوی دیکەیان لەسەر کەنارەکەی دیکە. یەکێکیان بەو پیاوەی گوت کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو: «کەی ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکان تەواو دەبێت؟»

ئەو پیاوەی کە کەتانی لەبەردا بوو، ئەوەی لەسەر ئاوی ڕووبارەکە بوو، دەستی ڕاست و دەستی چەپی بەرەو ئاسمان بەرزکردەوە. گوێم لێ بوو سوێندی بەوە خوارد کە هەتاهەتایە زیندووە: «تاکو سێ ساڵ و نیو1. کاتێک هێزی گەلە پیرۆزەکە بە تەواوی شکێنرا، هەموو ئەمانەش تەواو دەبێت.»

من گوێم لێبوو، بەڵام تێنەگەیشتم، ئیتر گوتم: «گەورەم، کۆتایی هەموو ئەمانە چییە؟»

ئەویش گوتی: «دانیال، تۆ بڕۆ، چونکە هەتا کاتی کۆتایی وشەکان لە پەڕتووکی داخراودا بە نهێنی هێڵدراوەتەوە. خەڵکانێکی زۆر پاک دەبنەوە و بێ لەکە و پوختە دەبن، بەڵام خراپەکاران لە خراپە بەردەوام دەبن. کەس لە خراپەکاران تێناگات، بەڵام تێگەیشتووان تێدەگەن.

«لە کاتی داماڵینی قوربانی ڕۆژانە هەتا دانانی قێزەونی وێرانکەر، هەزار و دوو سەد و نەوەد ڕۆژ دەخایەنێت. خۆزگە دەخوازرێ بەوەی چاوەڕێ دەکات و دەگاتە هەزار و سێ سەد و سی و پێنج ڕۆژ.

«بەڵام تۆ، بڕۆ هەتا کاتی هاتنی کۆتایی پشوو بدە، لە کۆتایی ڕۆژگار هەڵدەستیتەوە بۆ وەرگرتنی میراتی خۆت.»

Source notes (1)
  1. Footnote عیبری: سەردەمێک و دوو سەردەم و نیو، بڕوانە 7‏:25‏ .‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.