Skip to content
BibleKenya

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر

یەکەم ساموئێل 21

داود لە شاری نۆڤ

داود هاتە نۆڤ بۆ لای ئەحیمەلەخی کاهین، ئەحیمەلەخ کە داودی بینی شڵەژا و پێی گوت: «بۆ بە تەنهایت و کەست لەگەڵ نییە؟»

داودیش وەڵامی ئەحیمەلەخی کاهینی دایەوە: «پاشا فەرمانی ئەرکێکی پێکردووم، پێی گوتم: ”نابێت کەس هیچ شتێک لەبارەی ئەم ئەرکەوە بزانێت کە من تۆی بۆ دەنێرم و پێم سپاردوویت.“ سەبارەت بە پیاوەکانیشم، شوێنێکم بۆ دیاری کردوون بۆ ئەوەی لەوێ چاویان پێم بکەوێت. ئێستاش چیت لەبەردەستە؟ پێنج نان یان ئەوەی هەیە بمدەرێ.»

کاهینەکەش وەڵامی داودی دایەوە: «نانی ئاساییم لەلا دەستناکەوێت، بەڵام نانی پیرۆز1 هەیە، بە مەرجێک پیاوەکان خۆیان پاراستبێت لە ژنان.»

داودیش وەڵامی کاهینەکەی دایەوە: «بێگومان ژنمان لێ قەدەغەکراوە، وەک هەموو جارێک کە بۆ ئەرکێک چووبم، قاپوقاچاغەکانی پیاوەکانم پیرۆزن، تەنانەت ئەگەر ئەرکەکەش ئاسایی بووبێت، ئایا دەبێت ئەمڕۆ قاپوقاچاغەکانیان چەند پیرۆز بن؟» لەبەر ئەوە کاهینەکە نانە پیرۆزەکەی پێدا، چونکە هیچ نانێکی دیکە لەوێ نەبوو، جگە لە نانی تەرخانکراو، ئەوەی لەبەردەم یەزدان لابردرابوو، هەتا لە هەمان ڕۆژدا بە نانی گەرم جێی بگرێتەوە.

لەو ڕۆژەدا پیاوێک لە خزمەتکارەکانی شاول لەبەردەم یەزداندا دەستبەسەر بوو، ناوی دۆئێگی ئەدۆمی بوو، گەورەی شوانەکانی شاول بوو.

ئینجا داود بە ئەحیمەلەخی گوت: «ئایا لێرە ڕمێک یان شمشێرێکت لەبەردەستدا هەیە؟ نە شمشێرەکەم و نە هیچ چەکێکی دیکەم نەهێناوە، چونکە ئەرکەکەی پاشا زۆر بە پەلە بوو.»

کاهینەکەش گوتی: «شمشێرەکەی گۆلیاتی فەلەستی، ئەوەی لە دۆڵی ئێلە کوشتت، ئەوەتا لە جلێکەوە پێچراوە لە پشت ئێفۆدەکە، ئەگەر ئەو بۆ خۆت دەبەیت، بیبە، چونکە جگە لەو هیچی دیکە لێرە نییە.»

داودیش گوتی: «لەوە باشتر نابێت، بمدەرێ.»

داود بۆ گەت هەڵدێت

هەر لەو ڕۆژەدا داود هەستا و لەبەردەم شاول ڕایکرد، هات بۆ لای ئاخیشی پاشای گەت2. خزمەتکارەکانی ئاخیش بە پاشایان گوت: «ئەرێ ئەمە داودی پاشای خاکەکە نییە؟ ئەی بۆ ئەم نەبوو بەدەم گۆرانی و سەماوە دەیانگوت:

«”شاول هەزارانی کوشت و

داودیش دەیان هەزار“؟»

داود ئەم قسانەی خستە ناو دڵییەوە و زۆر لە ئاخیشی پاشای گەت ترسا، لەبەرچاویاندا هەڵسوکەوتی خۆی گۆڕی، لەبەردەستیان خۆی شێتکرد و دەستی بە ڕووشاندنی چوارچێوەی دەروازەکان کرد، لیک بە ڕیشیدا دەهاتە خوارەوە.

ئینجا ئاخیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئەوەتا دەبینن ئەم پیاوە شێتە؟ ئیتر بۆچی دەیهێننە لای من؟ ئایا من پێویستم بە شێت هەیە، هەتا ئەمەم بۆ بهێنن و لەبەردەمم شێتی بیگرێت؟ ئایا ئەمە بێتە ناو ماڵەکەمەوە؟»

Source notes (2)
  1. Footnote نانی پیرۆز هەمان نانی تەرخانکراوە کە لەپێش خودا لەسەر مێزەکە ئامادەکراوە.‏
  2. Footnote شارێکی فەلەستییەکان بوو.‏

Biblica® وەشانی بێبەرامبەری کوردیی سۆرانیی ستاندەر. Copyright © 2020 anonymous. Licensed under CC BY-SA 4.0. “Biblica” is a trademark registered in the United States Patent and Trademark Office by Biblica, Inc. Source: eBible.org. Typeset from the source files; no intended changes to scripture wording. BibleKenya is not endorsed by the rights holder.

Full source notice & licence · CC BY-SA 4.0 · SourceEdition imported 2026-10-25.

BibleKenya

Reader settings

Theme
Font
Alignment
Reading width

Saved in this browser and used offline too. Press ? for keyboard shortcuts.